ئاڵای چین و کوردستان
تا 20 خوێندکاری چینی وەردەگرێ
ئیتر لە پایتەختی چین زمانی کوردی دەخوێنرێ
ئەحمەد مستەفا
ئیتر ساڵانە لە چین تا 20 هاوڵاتی وڵاتەکە، فێری زمانی کوردی دەبن، ئەویش لە زانکۆی دیراساتى بیانى لە پەکین -ی پایتەختی چین، ئەمە یەکەمجارە بەشێکی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین دەکرێتەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە راگەیاندنی کردنەوەی بەشەکە دەڵێ، بە هاوکاری زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر بەشەکە کراوەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 26.8.2026 باسی لەوەکردووە، ئەم هەنگاوە پردێکی ئەکادیمی و کلتوری گرنگ دەبێت بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆماری میللى چین، بەپێی پلانی ئەکادیمی بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2026-2027) لە بەشەکەدا 12 خوێندکار ناویان تۆمارکراوە و ساڵانە لەنێوان 10 تا 20 خوێندکار و قوتابى چینی لەم بەشە وەردەگیرێن.
خوێندکاران سێ ساڵی یەکەم زاراوەی «سۆرانی» دەخوێنن، لە ساڵی چوارەمیشدا زاراوەی «کرمانجی» دەخوێنن، بۆ ئەوەی دەرچوان لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی زانیارییەکی تەواویان هەبێت.
خوێندنی باڵا دەڵێ، ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژانە دروستکردنی پەیوەندییەکی دولایەنەیە، خوێندکارانى کورد بۆ چین دەچن، پلانێکیش هەیە بۆ هێنانی ئەو خوێندکارە چینییانەی لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی کوردیدا بەشداری بکەن و تواناکانی زمانی خۆیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەرە پێبدەن.
بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین بە ئاستێکی بەرچاو لە وەرگرتنی خوێندکاردا گەشەی کردوە و ئێستا زیاتر لە 100 خوێندکاری هەیە. ئەم بەشە تا ئێستا دوو خولى دەرچوونى هەیە و خولى سێیەمیش بەم نزیکانە ئاهەنگى دەرچوون ئەنجامدەدەن.