دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق:

دادگا بڕیاریدا؛ راگرتنى کارەکانى کۆڕەک بەردەوام دەبێت

964+

وریا فەتاح

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، دادگا بڕیارێکی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمی هەڵوەشاندووەتەوە، بەمەش بڕیاری پێشووی دەستەکە بۆ راگرتنی کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندیی حکومیی دەستەکەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە: “رۆژی 24ی ئابی 2026، دادگای بەرایی رەسافە بڕیارێکی دەرکردووە کە تێیدا فەرمانی وەلائی (الأمر الولائي)ـی تایبەت بە بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم هەڵوەشێندراوەتەوە، لە بەرامبەریشدا بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بۆ راگرتنی مامەڵە و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکە بە کارایی هێڵدراوەتەوە.”

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارەی دادگا لەسەر بنەمای ئەو سکاڵا و تانەیە (تظلم) دەرچووە کە لەلایەن، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە، دژی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم تۆمارکرابوو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی لە رێزگرتنی تەواوەتی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری و بڕیاری دادگا تایبەتمەندەکان کردووەتەوە و دووپاتیکردووەتەوە: “دەستەکە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان سەبارەت بە دۆسیەی کۆڕەک تێلیکۆم، ئەوەش لەپێناو پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەران، لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکاندا.”