نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە پەیامی بڵاوکردەوە
نێچیرڤان بارزانی: با گەلانی سوریا پشتیوانی سەقامگیری بکەن
ئەحمەد مستەفا
نێچیرڤان بارزانی، رێکەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە حکومەتی سوریا، بە ئاڕاستەی سەقامگیری سوریا دەبینێ و داوای کردووە، گەلانی سوریا پشتیوانی بکەن یان بەشداری ئەو سەرکەوتنە بن.
لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی (ئێكس) ئەمشەو 26.8.2026 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ستایشی دیدگای ئەحمەد شەڕع سەرۆک کۆماری وریا و شێوازی مامەڵەکردنی بەرپرسیارانەی ناوبراوی کردووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە.
هەروەها رۆڵ و هەوڵەکانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ کە تێیدا مافی هەموو هاووڵاتییان پارێزراو بێت و وڵات بەرەو ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بڕوات.
رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغە کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕ و یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانە لەژێر چەتری دەوڵەتی سوریادا.
ئەم رێککەوتنە دوای زنجیرەیەک شەڕ و دانوستان لە سەرەتای ساڵی 2026 واژۆ کرا، رۆژی 25.8.2026 بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵبوونی تەواوەتی راگەیەندرا.
دەقی بڵاوکراوەکەی نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی ئێکس؛
من پێشوازی لەو پێشکەوتنە بەرچاوانە دەکەم کە لە یەکگرتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریادا بەدەست هاتوون، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی لە نێوانیاندا واژۆ کراون. من ئەمە بە پێشهاتێکی گرنگ بە ئاراستەی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا دەبینم و داوا لە هەموو لایەنە کوردییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەکەم پشتیوانی ئەو هەنگاوانە بکەن و بەشداری لە سەرکەوتنەکانیاندا بکەن.
دیدگای ژیرانەی جەنابی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع و رێبازی بەرپرسیارانەی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، و سەرکردایەتیکردنی سوریا بەرەو ئایندەیەکی باشتر، زۆر بە نرخ و دەستخۆشی دەکەم. هەروەها رۆڵ و هەوڵی بەڕێز مەزلوم عەبدی لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا بەرز دەنرخێنم.
ئێمە بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین، کە دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە سوریا، قۆناغێک کە تێیدا مافی هەموو هاووڵاتیان و پێکهاتەکانی پارێزراو بێت و وڵات بەرەو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری و بوژانەوە و خۆشگوزەرانی زیاتر ببات.