لە گەرووی هورمز

پاسداران: کەشتییە نەیارەکان لانیکەم 400 کیلۆمەتر دوورکەوتوونەتەوە

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوماندایە و بێ قبووڵکردنی مەرجەکانمان لەلایەن واشنتنەوە ناکرێتەوە.

میدیای فەڕمیەکانی ئێران، ئێرنا و تەسنیم، لە زاری حوسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویان کردەوە، گەرووی هورمز و ڕێڕەوە ئاوییەکان لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانیاندایە و کەشتییە سەربازییەکانی نەیار لانی کەم 400 کیلۆمەتر دوورکەوتوونەتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدا، ئێران و عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پشکی ئاوەکان و چۆنیەتیی دابەشکردنی داهاتەکانی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا.

ئێران، جەخت دەکاتەوە ئەگەر ئەمریکا واز لە دروستکردنی ئاستەنگ بهێنێت و مەرجەکانیان قبووڵ بکات گەرووەکە دەکەنەوە، بەپێچەوانەوە بە داخراوی دەمێنێتەوە.