زانکۆی کۆیە: بە خوێندکارانمان نەوتووە لە کاتی بۆردومان بێنە دەرەوە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
شەوی رابردوو، لە کاتی بۆردومانی بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، شڵەژاوی و دڵەڕاوکێ کەوتە ناو خوێندکارانی بەشەناوخۆیی زانکۆی ئەو شارە و لە ژوورەکانیان هاتنە دەرەوە.
سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە بۆ 964+ روونیکردەوە، ئەوان هیچ رێنماییەکیان نەداوەتە خوێندکارەکان تاوەکو لەو بارودۆخانەدا بێنە دەرەوە.
بەپێی رێنمایی بەرپرسانی بەشەناوخۆیی زانکۆی کۆیەش، هیچ خوێندکارێک بە کچ و کوڕەوە بۆی نییە لە پاش کاتژمێر ١١ی شەو بچێتە حەوشەی باڵەخانەکانیان.
راوێژ حەوێزی ئەوەی بۆ 964+ پشتڕاستکردەوە، کە بەرپرسی بەشەناوخۆییەکانی ئەو زانکۆیەیە.
ئەو وتی، دوو ساڵە لەوێیە، ئەوە یەکەمجارە ئێران لە کاتەکانی شەودا هێرش بکات، هەر ئەوەیشە وایکردووە خوێندکارەکان بچنەدەرەوە، هێرشەکانی رابردوو بە رۆژدا بووە و خوێندکارەکان لە دەوام بوون.
ئێران نەیشاردووەتەوە کە ئەو هێرشانەی سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدەدرێت، هەڕەشەی بەردەوامیشیان دەکات، ئەگەر بنکە و بارەگاکان تێکنەدرێن.
هێرشەکەی شەوی رابردوو چوارەم جار بوو لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، ئەگەرچی بێ زیانی گیانی بوو، بەڵام لە سێ هێرشەکەی رابردوودا، ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون.
ئیسماعیل عەبدولسەمەد، خوێندکاری پزیشکی گشتییە لە زانکۆی کۆیە، هەروەها لە بەشەناوخۆیی دەمێنێتەوە، بە 964+ی وت، “خوێندکاران بە گشتی توشی دڵەڕاوکێ بوین، لە دوای کاتژمێر ١٢ بوو هێرشەکان، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هاتینە دەرەوە و لە حەوشەی داخلییەکان ماینەوە”.
شەو لەو کاتانەدا، محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە خۆی گەیاندە بەشەناوخۆییەکان و دڵنەوایی خوێندکارانی کردووە، پێی وتوون، “ئارام بن، ئامانجەکانی ئێران دیاریکراون”، ئەمە بە قسەی ئیسماعیلی خوێندکار.
لەلایەکی دیکە، 964+ قسەی کرد لەگەڵ محەمەد سەیدگوڵ، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە، ئەو رێنمایی دا بە خوێندکاران “دان بە خۆیاندا بگرن”.
وتی، لەبەر ئەو بۆردومانەی شەوی رابردوو، تاقیکردنەوەی ئەمڕۆیان بۆ سبەینێ دواخستووە، کە لە ئێستادا تاقیکردنەوەکانی میدتێرم بەڕێوە دەچێت.
باسی لەوە کرد، مەترسییەکە بۆ مامۆستاکان و خوێنکارەکان یەکسانە، چونکە ماڵی بەشێکی بەرچاو لە مامۆستاکانیش بە تەنیشتی بەشەناوخۆییەکانەوەیە.
بەشەناوخۆیی زانکۆی کۆیە زیاتر لە سێ هەزار خوێندکار لە خۆی دەگرێت و ١٠ کیلۆمەتر دوورە لە بارەگای حزبە بە ئامانجگیراوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
شارەکە و لە ژوورەکانیان هاتنەدەرەوە، سەرۆکایەتی زانکۆ
شەوی رابردوو بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە بۆردومانکران، ئەوە یەکەمجار بوو بۆردومانەکە لە کاتەکانی شەودا بێت، خوێندکارانی بەشەناوخۆیی زانکۆی کۆیەش