زیاتر لە 40 دۆلار

هەڕەشەکانی ترەمپ لەلایەک و حوسییەکان لەلایەکی دیکە نرخی زێڕیان بەرزکردەوە

ژووری هەواڵ

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و هۆکارەکەشی بۆ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەگەڕێندرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار و 50 دۆلار، کە دەکاتە زیاتر لە 40 دۆلار بەرزبووەتەوەئەوەش دوای ئەوەی کە کانزای زەرد بە باشی توانی لە چەند رۆژی رابردوودا بەرگری لە ئاستی هەستیاری چوار هەزار دۆلار بکات کە بە ئاستێکی دەروونیی گرنگ هەژمار دەکرێت.

بە قسەی شرۆڤەکاران، گرژییەکان لە ناوچەکەدا پێیان ناوەتە قۆناخێکی نوێیەوە بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان و هۆشدارییەکەی سەرۆکی ئەمریکاش بۆ تاران، لەلایەکی دیکەش هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیەدا، نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە دەریای سووردا زیاتر کردووە، بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەندرێت.