"خاوەنەکەی دەستگیر دەکرێت"

ئەو کارگەیەی لە عەربەت دوکەڵی رەشی بڵاودەکردەوە درایە دادگا

شۆڕش قادری

ئەو کارگەیەی دوکەڵێکی رەشی پیسی بەردابووە ژینگەی عەربەت، درایە دادگا و و خاوەنەکەی دەستگیر دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی چەند وێنەیەکی کارگەکەی لە دوورەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “دوای بڵاوبوونەوەی پۆستێک لە (سۆشیال میدیا) سەبارەت بە دووکەڵی کارگەکان و پیسبوونی ژینگە، تیمەکانی بنکەکەمان بەدواداچوونی مەیدانی و وردیان بۆ ئەم بابەتە دەستپێکرد”.

دواتر مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت چوونەتە شوێنەکە بۆ پشکنین و دۆزینەوەی سەرچاوەی دووکەڵەکە.

دوای بەدواداچوونی ورد، کارگەیەک دیاریکراوە کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو دووکەڵە چڕە بووە کە ببووەهۆی تێکدانی ژینگەی ناوچەکە.

دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور لە بابەتەکە ئاگادارکراوەتەوە و لەسەر فەرمانی ئەو، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ بابەتەکە کراوەتەوە، کارگەکە دراوەتە دادگا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنەکەی دەرچووە.