لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 964
لەگەڵ هەناردە زانیوویانە
حکومەتی هەرێم: دانە غاز بەبێ رەزامەندیی غازی داوەتە کارەبای عێراق
ئەحمەد مستەفا
ئەم ئێوارەیە لە راگەیەندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەی کۆمپانیاکانی کرێسنت پترۆلیۆم و دانەگاز لەبارەی دابینکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق رەتکاتەوە و دەڵێت، نە رەزامەندی دەربڕیوە و نە رێگەی بەم هەنگاوە داوە.
دوێنێ چوارشەممە 6.8.2026، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی و هاوبەشەکەی، نەوتی هیلال، دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق رایانگەیاند، کە گازەکە بۆ وێستگەی کارەبای تازەی کەرکوک دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێک، رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ وێستگەی کارەبای تازەی کەرکوک دابین دەکرێت، ئەمەش بەمەبەستی پشتگیریکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئێوارەیە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، لە 4.8.2026، لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکراوەتەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، حکومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنیا لە کاتی راگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام راگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان رەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز، وە دەڵێ، حکومەتی هەرێم نە رەزامەندی دەربڕیوە و نە رێگەی بەم هەنگاوە داوە،
دەقی راگەیەندراوەکە؛
لە 4ی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنها لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.
وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکانی کردووە. حکومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.
حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن.
کرداری کۆمپانیاکان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەکانی وزەی هەرێم، کە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، کردووە. ئەم داوایە لە پێناو دابین کردنی وزەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە. بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاک لایەنەیان دا کە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناکات.
حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز. حکومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
حکومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزە.
حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لە ڕێگەی ئەو رێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵکدان.
06 ئاب 2026