لە کۆبوونەوە باسکراوە
“گرووپە چەکدارەکان نیازی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێیان هەیە”
ئەحمەد مستەفا
لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق ئاگاداری دراوە لە بوونی زانیاریی ئەمنی سەبارەت بە نیازی گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا.
ئەمە زانیاری میدیاکانە و بەشی عەرەبی 964 پێی گەیشتووە، بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای هەنگاوی کرداری و ئامادەباشی لە تەواوی هێزەکان کردووە.
ئەو زانیارییە لە حاڵێکدا بوو هەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی خۆی بۆ تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق نارد، خۆیان بخانە حاڵەتی ئامادەباشی، تایبەت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی گەڕانەوەی چەک لە گروپە چەکدارەکانەوە بۆ دەوڵەت.
هەر ئەم ئێوارەیە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئاسایشی فراوانی کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئامادەباشی مەیدانی.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە نابێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەکی ناوخۆیی یان دەرەکی بۆ هیچ وڵاتێک، هەروەها گرنگی بەهێزکردنی هەوڵی هەواڵگری، یەکخستنی وتاری راگەیاندن و بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکردنەوەی درۆ و پاراستنی ئاسایش و جێگیری دراوە.
هەر ئەمڕۆ خانەی شانەی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا کە تۆڕی 964 بڵاویکردەوە، رایانگەیاند،بە بەشداری نوێنەرانی حەشدی سەعبی کۆبوونەوە کراوە و ئامادەبووان باسیان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە، کە نابێت رێگە بدرێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەکی ناوخۆیی یان دەرەکی دژ بە هیچ وڵاتێک.