فۆتۆ: دەستەی گەشتوگوزار
دەستەی گەشتوگوزار: لینکی دامەزراندن بۆ رێبەری گەشتیاری تا سەری مانگ کراوەیە
964+
فەهمی نەبی
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژن لە رێگەی سێ لیژنەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن، لە ئایندەش مەرجیان لەسەر کۆمپانیاکان ئەوەیە دەبێت کارمەندی راهێنراوی دەستەی گەشتوگوزار دابمەزرێنن.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، لە هەشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی و 11 بەڕیوەبەرایەتی پێکدێت، بەوتەی بەرپرسانی دەستەی گەشتوگوزار مەرجە لە هەموو شارەکان ئەو سێ لیژنەیە هەبێت.
ئەمڕۆ 20.4.2023، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە 964ی وت، ئەو ئامادەسازیەی کراوە بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ماوەی سێ رۆژ سێ لیژنە سەرپەرشتی هەموو شارەکان دەکەن.
بەوتەی سیروان تۆفیق، کاری ئەو سێ لیژنەیە بەمجۆرە دەبێت، لیژنەیەک لە بازگەکان و خاڵە سنووریەکان دەبێت، لێژنەی پێشوازی پێدەوترێت، لیژنەیەکی دیکە سەرپەرشتی چێشتخانەکان و هۆتێلەکان دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت کراوەن یان نرخیان بەرزنەکردوەتەوە، لیژنەی سێییەم بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتی گەشتیاران دەکات.
لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی ساڵی پار، بەتەنیا بۆ شاری هەولێر 100 هەزار گەشتیار هاتبوون.
بەپێی زانیاری دەستەی گەشتوگوزار، لەم شەوەوە گەشتیار دێنە نێو هەرێمی کوردستان، تیمەکانیان لە بازگەکان رێبەری چاپکراوی گەشتیاری دەدەنە گەشتیاران کە زانیاری تێدایە لەبارەی ناوچە گەشتیاریەکانی هەرێمی کوردستان و پێشبینی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەن.
ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی دەریدەخات، لەسەرجەم شارەکانی عێراق 680 کۆمپانیای گەشتیاری هەیە.
لەبارەی رێبەری گەشتیاری و ئەو هەوڵەی دەستەی گەشتوگوزار بۆ دامەزراندنی دەرچوانی بەشە گەشیاریەکان کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە رایانگەیاند، سیروان تۆفیق دەڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا مەرجمان بۆ کۆمپانیاکان دەبێت کە پێویستە رێبەری ئێمە لەگەڵ ئەو گروپانە هەبێت.
سیروان ئەوەشی وت “لە سەرەتای مانگەوە لە رێگەی لینکێکەوە فۆرمی دامەزراندنمان کردوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەی دەرچووی بەشی گەشتیارین، لە کۆمپانیاکان دادەمەزرێن، راهێنانیان پێدەکرێت لەرووی ئەتەکێت و زانیاری و زمان”.
بەگوێرەی زانیاری دەستەی گەشتوگوزار، تا سەری مانگ لینکەکە کراوە دەبێت، لەماوەی سێ رۆژدا نزیکەی سی هەزار و 700 کەس داواکاری پێشکەشکردووە.