لە قەزای ئاکرێ
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو زیانی بە 100 ماڵ گەیاند
964+
زەید کۆچەر-ئاکرێ
بەهۆی رێژەیەکی زۆری باران بارین لە قەزای ئاکرێ، ئاو چۆتە نێو زیاتر لە 100 ماڵی ئەو قەزایە و زیانێکی زۆری دروستکردووە، هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو سێ رێگای سەرەکی داخراون.
ئەمرۆ چوارشەممە، شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ، تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە.
زێرەڤان تەمۆ، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت “ئەو خانوانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو زیانیان پێگەیشتووە، لەهەریەکە لە گەڕەکەکانی سیپە، گەلی شێخ عەبدولعەزیز، گەڕەکی شۆڕش و ئالەهی”.
بەوتەی زێرەڤان تەمۆ، زیانەکان تەنیا مادیە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 لە قەزای ئاکرێ بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو تا ئێستا سێ رێگا داخراون، هەریەکە لە رێگاکانی ئاکرێ بۆ باشقاڵ، ئاکرێ بۆ دینارتە، رێگای ئاکرێ بۆ گەلی زەنتا داخراون.
شارەوانی ئاکرێ هۆشداری دەدا لەوەی پردی رێگای گەلی زەنتا داڕوخاوە و مەترسی زۆری هەیە، هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی