کەش و هەوا - +964
کەشناسی هۆشداری دەدات
سەرووی 60 ملم باران دەبارێت
فەهمی نەبی
بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەماوەی سێ رۆژدا ئەگەری بارینی 60 ملم باران بارین هەیە، جگە لەوەش لەگەڵ باران بارین پێشبینی بارینی تەزرە دەکرێت و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما دادەبەزێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ 10.4.2023 بەشی پێشبینی و داتا سەنتەری وەزارەتی گواستنەوە، لە راگەیەنراوێکدا پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی باران بارینی راگەیاند.
راپۆرتی بەشی پێشبینی و داتا سەنتەری وەزارەتی گواستنەوە:
ئەو گۆڕانکاریانەى کە لە کەشى ناوچەکەمان دروست دەبێت لە ماوەى هاتنى ئەم شەپۆلە بریتین لە:
یەکەم: بارانبارین و دەسپێکى باران لە ئێوارەى رۆژى سێشەممە دەستپێدەکات، بە گشتى لە شەودا بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند و لە رۆژى چوارشەممە شێوازى دابارین دەگۆڕێت بۆ تاوە بارانى بەردەوام و بەهێز و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لە سەرجەمى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم.ئێوارەى رۆژى چوارشەممە بارانبارین هەر بەردەوامى دەبێت و کاریگەرى ئەو شەپۆلە درێژدەبێتەوە بۆ رۆژى پێنجشەممە و شەپۆڵى بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان لەسەر شێوازى بارانى مامناوەند و لێزمە باران دەبێت. کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا رۆژى هەینى بەردەوامى دەبێت بە لاوازى تەنیا لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.
دووەم: زیادبوونى خێراى با، لەکاتى بارانبارین خێراى با زیاد دەکات بۆ سەرووى 40 کم لە کاتژمێرێکدا ئەگەرى هەورە تریشقەش لەگەڵ زیاد بوونى خێراى با.
سێیەم: نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى (8-10) پلەى سیلیزى، رۆژى پێنجشەممە ئەم نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما زیاتر دەبێت لە ئەنجام ئەگەرى تەزرە بارینیش دەبێت.تێبینى :
1- ئاستى بارانى پێشبینیکراو لە سەرجەمى ناوچەکان لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە سەرووى 60 ملم دەبێت، لە هەندێ ناوچە زیاتر دەبێت بە تایبەت بەشى رۆژهەڵاتى ناوچە شاخاوییەکانى هەرێم.
2- ئەگەرى گۆڕانکاری هەیە دروست بێت لە کەشى ناوچەکەمان جا ئەم گۆڕانکاریەش یان بەکەم بوونەوەى باران بارین دەبێت یان زیاد بوونى باران لەسەر ناوچەیەکى دیارىکراو .