ئاماده‌ن به‌رگری له‌ باشوور بكه‌ن

کوردانی رۆژئاوا پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

نووسینگه‌ی رۆژئاوا

ئه‌م ئێواره‌یه‌ی چوارشه‌ممه‌ كوردانی رۆژئاوا له‌ شاری عاموودا هاتنه‌ سه‌رشه‌قام و پاڵپشتیی خۆیان بۆ باشووری كوردستان ده‌ربڕی، ئاماده‌یی خۆشیان بۆ ده‌ربازبوون بۆ خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌ی سنوور ده‌كه‌ن.

964 لێدوانی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی رۆژئاوای كوردستانی وه‌رگرت و ئه‌وان ده‌ڵێن، چۆن باشوور پاڵپشتیی له‌ رۆژئاوا كرد، ئێستاش ئه‌وان ئاماده‌ن پاڵپشتیی باشوور بكه‌ن.

هه‌روه‌ها هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێین سنوور بكرێته‌وه‌ و ده‌ربازی باشوور ده‌بین و به‌ دڵ و گیان پارێزگاری له‌ كوردستان ده‌كه‌ین.

دوای بڕیار و راسپارده‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، مه‌ترسی له‌ لای هاوڵاتیانی كوردستان دروست بووه‌، به‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا