وتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ 964:
“ئەگەر هەموو نەوتەکەی بەغدا بنێردرێتە سلێمانی هێشتا بەشمان ناکات”
رازاو محەمەد – سلێمانی
تاوەکو ئێستاش نەوتەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و وتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانیش دەڵێت، “ئەگەر هەموویشی بدرێ بە ئێمە بەشمان ناکات”.
لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، سەلام عومەر وتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە 964ـی وت، “چەند رۆژێکی کەمە بڕیارەکە دەرچووە و تاوەکو ئێستا رێکارەکانی دابەشکردنی دیار نییە و ناشزانرێت کەی دەگات”.
“پێداویستی سلێمانی بە ناوچە شاخاوییەکانەوە 110 ملیۆن لیتر نەوتە، واتە ئەگەر هەموو نەوتەکەی بەغدا بنێردرێتە سلێمانی، بەشمان ناکات”، سەلام عومەر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەن کە ساڵی رابردوو وەریان نەگرتووە و دواتر دەچنە شوێنەکانی دیکە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری