فرۆشیارە قسە شیرینەکەی سەیدسادق
کامەران غەریب بە رێكلامی تەنزئامێز بازاڕی خانووبەرەی گەرم کردووە
بروا مەجید
کامەران غەریب، هاوڵاتییەکی ناوچەی پێنجوێنە و دانیشتووی قەزای سەیدسادقە، خاوەنی نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە، بە شێوازێکی تەواو جیاواز و نوێ دەستی بە رێکلامکردن بۆ فرۆشتنی خانوو کردووە، بە جۆرێک بە تەنز و کۆمیدیاوە تایبەتمەندییەکانی خانوو دەخاتە ڕوو، ئەمەش سەرنجی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راکێشاوە و بازاڕی فرۆشتنی خانووەکانی گەرم کردووە.
لە رێکلامەکانیدا، کامەران وشە و دەستەواژەی تایبەت بە خۆی بەکاردێنێت؛ ئەو خانووەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکات: “خانووی گوناح” و “خانووی زاڵم”. هەروەها دەستەواژەی “ئەشهەدو بیلا” یەکێکە لە وشە بەناوبانگەکانی کە بەردەوام بەکاری دەهێنێت، بۆ نموونە لە باسوخواسی کاشی و مەدخلەکانیاندا بە زەقیی رایدەگەیەنێت.
کامەران باس لە کاتە خۆش و ناخۆشەکانی کارەکەی دەکات و دەڵێت: “فرۆشتنی هەندێک خانوو زۆر نامورتاحم دەکات.” هەروەها یەکێک لە ڕێگە سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی ئەوەیە کە بەردەوام دیاری لەگەڵ خانووەکاندا پێشکەش دەکات و زۆرجار شتومەکی ناو خانووەکە دەکات بە دیاری بۆ کڕیارەکان؛ تەنانەت بەپێکەنینەوە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک جار خاوەن خانوو “بۆ ژن هێنان” خانوو دەفۆشێت.
ئەم رێگە نوێیەی رێکلامکردن، کامەرانی کردووەتە یەکێک لە دیارترین و خۆشەویستترین فرۆشیارەکانی ناوچەکە و شێوازی کارکردنی لە کەرتەکەدا بە تەواوی گۆڕیوە.