باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان:
“هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی”
ئهرسهلان عهبدوڵا
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆشی دەکات.
ئهنجومهنهكه له راگهیاندراوێكدا دهڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 25.11.2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان به سهرۆكایهتی مەسرور بارزانی، سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە رێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.
ههروهها هاتووه، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە، بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
“ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر رێکارێک بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی، داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت”، له راگهیاندراوهكهدا هاتووه.
ههروهها دهڵێن، “ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە ، هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستمی فیدراڵی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە”.
ههر له راگهیاندراوهكهدا هاتووه، “ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە، هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت”.
“ئەنجومەنی وەزیران ، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ دەکات بەردەوام بن لە ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان”، ئهمهش له راگهیاندراوهكهدا هاتووه.
له بهشی كۆتایی راگهیاندراوهكهدا ئەنجومەنی وەزیران دهڵێن، “ئهنجومهنی وهزیران لە کاتێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی بیروڕا و رادەربڕین دووپات دەکاتەوە، جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژهوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی کوردستان رەفتار بکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر”.