لافاوی هەولێر زیانی زۆری پێگه‌یاندوون

ماڵەکەیان وێران بووە و دوو ئۆتۆمبێلیشیان ئاوی بردوویه‌تی

رێباز یونس – هه‌ولێر

به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی شه‌ممه‌ی رابردووی هه‌ولێر، ماڵه‌كه‌ی حاجی كه‌ریم و حاجی گه‌وهه‌ر له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ، هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و خه‌ریك بوو خۆشیان تێیدا بچن، ئێستا خه‌ریكن به‌ خه‌رجییه‌كی زۆر ماڵه‌كه‌یان پاكده‌نه‌وه‌ و شوكری خوا ده‌كه‌ن.

ماڵی زۆر له‌ هه‌ولێری نوێ زیان و زه‌ره‌ریان به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی 7.11.2026 پێگه‌یشتووه‌، 964 ده‌رده‌ڵی ماڵباتێكی تۆماركرد، كه‌ خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ ماڵه‌كه‌یان بوون.

حاجی گه‌وهه‌ر عه‌بدوڵا به‌ دڵێكی پڕه‌وه‌ ده‌ڵێت، هه‌ر ئاگایان له‌هیچ نه‌بووه‌ ئاو به‌ ژوورێ كه‌وتووه‌ و ئه‌وانیش ناچاربوون رابكه‌ن بۆ سه‌ربان.

ده‌شڵێت: ژن و پیاوێك و منداڵێكم بینی ئاو ده‌یبرن، نازانم چیان به‌سه‌ر هات، دوعا ده‌كه‌م رزگار بووبن.

ده‌شڵێت، دوو ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویه‌تی و به‌ پاره‌یه‌كی زۆریش ماڵه‌كه‌یان پاككردووه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌شی كه‌ كه‌ڵكیان نه‌مابوو، فڕێیان داون،

حاجی كه‌ریمی هاوسه‌ریشی ده‌ڵێت، به‌ كرێن ئۆتۆمبێله‌كانیان هێناوه‌ته‌وه‌ و باریان كردوون بۆ سه‌ناعه‌.

ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی رابردوو بارانی به‌خوڕ له‌ هه‌ولێر باری و بووه‌ لافاوێكی گه‌وره‌ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی وه‌ك هه‌ولێری نوێ و شێخ ئه‌حمه‌د، كه‌ بووه‌ هۆی گیانلده‌ستدانی دوو هاوڵاتی، كه‌ یه‌كێكیان منداڵێكی پێنج ساڵان بوو، هه‌روه‌ها زه‌ره‌ر و زیانی زۆر به‌ر هاوڵاتیان كه‌وت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا