مستەفا هیجری
سکرتێری حدکا پەیامی هەیە
مستەفا هیجری: یەکگرتوویی تاکە رێگای پاراستنی هەرێمی کوردستانە
ئەحمەد مستەفا
مستەفا هیجری دەڵێ، ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان و دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و پەڕلەمان، هەرێمی کوردستانی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی ئێستای دەربڕی و داوای لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کرد بە پەلە پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتوو بکەن.
هیجری لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسییە هەڕەشەدارەکانیدایە و بەشێک لەم دۆخەش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و ڕێکنەکەوتنی حیزبەکان لەسەر پێکهێنانی پارلەمان و حکوومەتی هاوبەشە، ئەوەش لە کاتێکدا زیاتر لە 2 ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، لەگەڵ راگەیاندنی پشتیوانیی حیزبەکەی لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە چوارچێوەی یاسادا کردەوە.
دەقی پەیامەکە وەکخۆی:
وەک هەموو لایەک ئاگادارن، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێستادا لەژێر مەترسیدارترین هەڕەشەکانی سەردەمی خۆیدایە. بێگومان بەشێک لەو دۆخە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرهەمی کێشە و بەربەرەکانیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم بەشەی کوردستانە، هەروەها ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی پارلەمان و حکوومەتی هاوبەش، ئەویش دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنەکاندا.
بۆیە وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم دەستکەوتە نەتەوەییە، بەپەرۆشەوە نیگەرانی ئەم دۆخەین. داوام ئەوەیە هەتا کات لەدەست نەچووە، بەرپرسیارانە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتوو و یەکڕیزیی نیشتمانیدا پەلە بکەن و بە هاودەنگی و لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی یاساییدا، ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە مەترسیدارە ببنەوە.
با ئەو ڕاستییەشمان لەبیر نەچێت کە ئەم کیانە سیاسییە بەرهەمی خوێنی دەیان و سەدان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی کورد و قوربانییانی ئەنفال و کیمیابارانە و لە ئاکامدا موڵکی نەتەوەی کوردی خێرلەخۆنەدیوە بە هەموو بەشەکانیەوە؛ گومانیش لەوەدا نییە کە داگیرکەرانی کوردستان لە کاتی لاوازیدا پیلانی نگریسی خۆیان دەبەنە سەر.
مێژوو ئەو لایەنانە نابەخشێت کە ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە بکەنە دەسمایە و بارمتەی ڕقەبەرایەتییەک کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تێدا ببێتە قوربانی.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٦ی زایینی
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی