لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئێرانەوە
رۆیتەرز: ئێران بە ئەنقەست دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دوادەخات
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران رایانگەیاند، تاران بە ئەنقەست دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتن دوادەخات بۆ ئەوەی کاریگەری بخاتەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا و بردنەوەیەکی سیاسی پێشکەشی ترەمپ نەکات.
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئێران و کارەکتەرێکی ناوخۆی ئێرانەوە، کە ناویان نەهاتووە، دەڵێت، “تاران دڵنیایە لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەیە هێرشەکان دەستپێبکاتەوە لەپێناوەی ئەوەی چەقبەستوویی جەنگ کۆتایی پێبهێنێت.”
“ئێران ئامادەی هێرشی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیلە، نەک ئامادەی رێککەوتنی ئەمریکا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دامەزراوەیی ئایینی [ئێران] سوورە لەسەر ئەوەی سەرکەوتنێکی سیاسیی بە ترەمپ نەبەخشێت،” یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران وادەڵێت.
ئەو بەرپرسانەی ئێران دەشڵێن: تاران نایەوێت هیچ سازشێک بکات چونکە دەبێتە سەرکەوتن بۆ ترەمپ، بەمەش لە هەڵبژاردنەکاندا هەلی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت، بۆیە ئیستا چانسێکی کەم هەیە تا هەردوولا بگەنە رێککەوتن پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا.
بڕیارە لە رۆژی سێی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و جەنگی ئێران، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، ئاستی هەڵسەنگاندنی ترەمپی لە راپرسییەکاندا دابەزاندووە، بەجۆرێک کە پێشتر ئەو ئاستەی بەخۆیەوە نەبینیوە و ریکۆردی شکاندووە.
بەپێی نوێترین راپرسی واشنتن پۆست و ئەی بی سی نیوز، ئاستی هەڵسەنگاندنی ترەمپ لەناو خەڵکی ئەمریکادا رێژەکەی گەیشتووەتە 33%.
بەشێک لە راپرسییەکانی میدیاکانی ئەمریکا ئەوە دەخەنەڕوو، خەڵکی ئەمریکا لەبارەی هەڵکشانی بەردەوامی نرخی بەنزین و گازەوە نیگەرانن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەڵینیداوە دوای هەڵبژاردنەکان نرخی بەنزین و گاز دادەبەزێت.