لەگەڵ چەند هونەرمەندێک خەڵات کران

بە گۆرانی “تەوبە سەد تەوبە” زامی سەعدون کاکەیی کولایەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە پێنج هونەرمەند و شانۆکار، یەکێک لەوانە هونەرمەندی دەنگخۆشی خانەقینی، سەعدون کاکەیی بوو.

دوای مەراسیمەکە پەیامنێری 964 زامی سەعدون کاکەیی کولاندەوە کاتێک پێی وت، لەناو بەرهەمەکانتدا پێتوایە کامیان لە ناخی خۆتەوە خوڵقاوە، چونکە یەکەم گۆرانی خۆی “تەوبە سەد تەوبە”ـی بیرکەوتەوە و کۆپلەیەکیشی بۆ خوێند.

کاکەیی زۆر دڵخۆش بووە بە خەڵاتەکەی و دەڵێت، “ئەگەرچی خەڵاتەکە پەیکەرێکی بچووک بوو، بەڵام لای من تاوەرێک بوو و هەست دەکەم دونیایان پێ بەخشیوم، هیوادارم هەموو هونەرمەندان ئەو خەڵاتە وەربگرن”.

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان / لقی هەولێر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هەر یەکە لە رەسمی جەلال، سەعدون کاکەیی، رووپاک عەبدولقادر، لەتیف نوعمان و ئیبراهیم سمۆ.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری