ساغکردنەوە

ئەمە مۆزە یان نا؟

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

مۆز وەک میوەیەکی پڕ بەها و سوودبەخش، بەردەوام بەشێکە لە سەبەتەی خۆراکی هەموو خێزانێک، بەڵام ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت ئەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە مۆز دەفرۆشرێت، مۆز نییە.

لە بەدواداچوونێکی 964، دەرکەوت جۆرێکی دیکەی مۆز هەیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و پێی دەوترێت پلانتاین.

پلانتاین، جۆرێکی مۆزە کە رەنگ و شێوە و تامی کەمێک جیاوازترە لە مۆزی ئاسایی.

پلانتاین مۆزێکی رەنگ سەوزە و تامی تفتە و توێکڵی ئەستوورترە و قەبارەشی کەمێک گەورەترە لە مۆزی ئاسایی

لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراکە و لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ 964 کردووە و روونیدەکاتەوە کە میوەی پلانتاین جۆرێکی مۆزە و رەنگ سەوزە و تامی تفتە و توێکڵی ئەستوورە و قەبارەی گەورەترە، راستەوخۆ ناخورێت و دەبێت سوور بکرێتەوە، بۆیە لەمەدا لە مۆزی ئاسایی جیاوازترە کە تامی شیرینە و قەبارەی کورتترە و رەنگیشی زەردە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە بە شێوەیەکی ھەڵە بڵاوبووەتەوە، ئەوەی ھەیە لە بازاڕدا مۆزە و پلانتاینیش ھەیە، بەڵام بە رێژەی مۆز بەربڵاو نییە لە بازاڕدا.

باسی لەوەشکرد، نرخی پلانتاین ھەرزانترە لە نرخی مۆز، لە رووی بەھای خۆراکیەوە ھاوتای یەکن.

خالید محەمەد، ماوەی 20 ساڵە بازرگانی مۆز دەکات بە 964ی راگەیاند، ئەو مۆزەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لە جۆری کەفەندیشە و پلانتاین قەبارەی گەورەترە و بۆ خواردن نابێت و تەنیا بۆ سورکردنەوە دەبێت.

زیاتر وتیشی “ئەو مۆزەی لە بازاڕەکانی کوردستان هەیە لە ئیکوادۆر و هیندستانەوە هاوردە دەکرێت و تەنیا جۆری کەفەندیش هەیە لە عێراقدا”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق