"لەبری 28 هەزار 81 هەزارم بۆ هاتۆتەوە"
سیستمی دانەوەی پارەی کارەبا لە سلێمانی وەستا؛ هاوڵاتیان هاواریان لێ هەڵسا
رازاو محەمەد – سلێمانی
سیستمی دانەوەی پارەی کارەبا لە سلێمانی وەستا و هاوڵاتیان هاواریان لێ هەڵسا.
چەند هاوڵاتییەک لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە، فەرەیدون مەحمود دەڵێت، “لە ماوەی 28 رۆژدا 81 هەزار دینار پارەی کارەبام بۆ هاتۆتەوە، قسەم لەگەڵ پڕۆژەی رووناکی کردووە، ئەوان دەڵێن، ئەو بڕە کارەبایەی تۆ سەرفت کردووە بایی 28 هەزارە نەک 81 هەزار دینار”.
“هاتمە ئێرە سیستم نییە و لەولاش بەنامە هەڕەشەمان لێ دەکەن و دەڵێن، پارەکەت دەفع نەکەی کارەباکەت دەبڕین”، فەرەیدون محەمەد وادەڵێت.
سەبارەت بەو کێشەیە 964 قسەی لەگەڵ سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی کرد، ئەو دەڵێت، “کێشەیەک لە سیستەمی فرۆشتنی وزەدا روویداوە و بووەتە هۆی وەستانی سیستمەکە، تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن، بەڵام هێشتا نازانرێت کەی سیستمەکە چاک دەبێتەوە”.
بەپێی ئەو وادەیەی پڕۆژەی رووناکی بۆ داشکاندنی 50٪ـی قەرزی کارەبا دایناوە، هاوڵاتیان تا 18ـی ئەم مانگە مۆڵەتیان هەیە، پارەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بدەنەوە و سوود لە داشکاندنەکە ببینن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری