"سەرکەوتنەکەم دیارییە بۆ هاوڕێ کۆچکردووەکەم"
لە ماراسۆنەکەی زاخۆ خاوەن ماڵ و بەغدا و قەسرۆک بوون بە یەکەم
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە ماراسۆنەکەی زاخۆ، خاوەن ماڵ و بەغدا و قەسرۆک بوون بە یەکەم و خەڵاتەکانیان بردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.11.2026 کۆلیژی پزیشکی زانکۆی زاخۆ ماراسۆنێکی بۆ زیاتر لە 400 کەس سازکرد، 350 کوڕ و کچی گەنج و 50 پیاوی سەرووی تەمەن 40 ساڵ لەوێ بوون، کوڕان بەجیا و کچان بەجیا و گەورەساڵەکانیش بۆخۆیان رایانکرد.
ماوەی راکردنەکە سێ هەزار و 200 مەتر بوو و لەسەر لێواری رووباری خابوور و کۆڕنیشە جوانەکەی زاخۆ ئەنجام درا، یەکەمەکان 500 هەزار دیناریان وەک خەڵات پێدرا، دووەم و سێیەمیش 300 و 200 هەزار دیناریان وەرگرت.
لەناو کوڕە گەنجەکاندا ئەیمەن نوعمان خەڵکی زاخۆ بوو بە یەکەم کە لەسەر تیشێرتەکەی وێنەی ئەو هاوڕێیەی نەخشاندبوو کە پارساڵ لەگەڵیان بووە و کۆچی دوایی کردووە، خەڵاتەکەشی پێشەکەشی ئەو کرد.
لە پیاوانی سەرووی تەمەن 40 ساڵ ئیسماعیل محەمەد خەڵکی قەسرۆک و لە کچانیشدا نەرجس حسێن خەڵکی بەغدا بوون بە یەکەم.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری