پێش وادەى خۆى دەکرێتەوە

42%ـی پڕۆژەی رێگای هەولێر – کۆیە تەواو بووە

وریا فەتاح

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی نوێی نێوان هەولێر و کۆیە بە خێرایی بەردەوامە و تا ئێستا 42%ـی کارەکانی تەواو بووە، بڕیاریشە پڕۆژەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

درێژیی رێگا نوێیەکە 48 کیلۆمەترە و هەر سایدێکی لە 3 رێڕەو پێکدێت کە پانییەکەی 12 مەترە بۆ هەر ئاراستەیەگى. رێگاکە بە سێ چین قیر دەکرێت و تا ئێستاش 23 کیلۆمەتری کارەکانی قیرتاوکردنی بۆ تەواو کراوە.

پڕۆژەکە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییە سەختەکان دادەنرێت و چەندین کاری ژێرخانی گەورە لەخۆ دەگرێت، لەوانە 7 ئۆڤەر پاس، 2 ژێرپرد، 2 پرد بە درێژیی 90 مەتر، لەگەڵ دروستکردنی پردێکی گەورە و ستراتیژی بە درێژیی 250 مەتر و پانیی 42 مەتر.

حکومەتى هەرێم ئاشکراى کردووە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکەەوە، قەبارەیەکی یەکجار زۆر لە کاری خۆڵکاری کراوە، کە تا ئێستا 4,800,000 (چوار ملیۆن و هەشت سەد هەزار) مەترسێجا کاری بڕین و شاختاشین، هەروەها 5,000,000 (پێنج ملیۆن) مەترسێجا کاری پڕکردنەوەی بۆ ئەنجامدراوە.

گرنگیی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە، بە تەواوبوونی، مەودای رێگای نێوان پایتەخت و قەزای کۆیە بە بڕی 27 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات.

پڕۆژەی بە جووتسایدکردنی رێگای نێوان هەولێر-کۆیە پڕۆژیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە رێکەوتی 10ی 10ی 2024 بەردی بناغەی بۆ دانراوە و لە ئێستادا کارکردن تێیدا خێراتر کراوە.