نرخى سووتەمەنى بەرز بووەتەوە

خۆپیشاندانەکەى ئەعزاز لە حەلەب؛ بەزەبرى هێز بڵاوەی پێکرا

وریا فەتاح

ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئاسایش لە شارۆچکەی ئەعزازی سەر بە گوندەواری باکووری حەلەب لە سوویار، بە هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندانێک کرد کە لە ناوچەکە بەڕێوەچوو.

بۆ دووەم رۆژى لەسەریەک، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە چەندین ناوچەی جیاوازی سوریا بەردەوامی هەیە، وەک رەتکردنەوەیەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییان.

شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی رەقە، حەسەکە، دێرەزوور و ئیدلب، گردبوونەوە و داخستنی رێگاکانیان بەخۆیەوە بینی، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر دەسەڵاتداران بۆ چاوخشاندنەوە بە نرخە نوێیەکان یان پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر تێچووی گواستنەوە، کەرەستەی خۆراک و خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە.

ئەمڕۆ شارۆچکەی سەراقبی سەر بە گوندەواری ئیدلب، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینی، دواتر خۆپیشاندەران ڕێگای نێودەوڵەتی M4یان لە نزیک شارۆچکەکە داخست، وەک دەربڕینی تووڕەیی لە بەرامبەر نرخە نوێیەکان و قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتیی شەقام.

هەرچەندە، دەسەڵاتدارانى سووریا دەڵێن،”بڕیارەکە کاتییە”، بەڵام ئەم هەنگاوە تووڕەیییەکی زۆری لە ناوچە جیاوازەکاندا لێکەوتەوە، بەتایبەت لە سایەی دابەزینی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان.

لە لایەکی دیکەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ حکومەتى سوریای ئاگادار کردەوە لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر خۆپیشاندەران و جەختی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە مافی هاووڵاتییان بۆ گردبوونەوە و دەربڕینی ئاشتییانەی داواکارییەکانیان کردەوە، هەروەها داوای پاراستنی خۆپیشاندەرانی کرد لە هەر دەستدرێژییەک، بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.