پارە ناکات
زەوییەکان سوور دەچنەوە؛ تەماتەی باڵەکایەتی فاتیحای دەوێت
ئاکام غەفور – سۆران
دوای چەندین مانگ لە رەنج و کوێرەوەری، جوتیارانى باڵەکایەتى چاوەڕێ بوون بەرهەمى رەنج و ماندوبونیان بخۆن، بەڵام لە جیاتى ئەوە ئەوەى بۆیان ماوەتەوە خەفەتخواردن و زەرەرە، چونکە تەماتەکانیان پارە ناکات.
ئێستا کێڵگەکانی باڵەکایەتی بە تەماتەی جوانی خۆماڵی، سوور هەڵگەڕاون، بەڵام تێچووی دەستی کار و کرێی گواستنەوەی بۆ بازاڕ، زۆر زیاترە لەو نرخەی کە لە عەلوەکاندا پێیان دەدرێت، هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە جوتیاران بڕیاریانداوە دەستبەرداری بەرهەمەکانیان ببن و لەناو زەوییەکاندا جێیان هێشتوون.
لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا، پەیامنێری 964 سەردانی 10 کێڵگەی گەورەی تەماتەی لە سنوورەکە کرد. هەموویان یەک دیمەن و یەک رەنگیان پیشان دەدات، زەوییەک سوور لە تەماتە و خاڵى و چۆڵ لەدەستى ماندووى خوتیاران، هەمووان جێهێڵدرابوون و تەماتەکان بە بڕکەکانیانەوە جێماون.
محەمەد حەسەن، یەکێکە لە جوتیارەکانی سنوورەکە و خاوەنی کێڵگەیەکی فراوانی تەماتەیە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە دۆخەکەی بۆ 964 روون کردەوە و وتی: “چەند رۆژێکە زەوییەکەم بەجێهێشتووە، چونکە کیلۆی تەماتە ناگاتە 300 دینار، ئەم نرخەش پارەی کرێکار و گواستنەوەکەشی دەرناهێنێت”.
ئەو جوتیارە باس لەوە دەکات کە ئەمساڵ لە جیاتی قازانج، نزیکەی 100 ملیۆن دینار زەرەری کردووە، هەر بۆیە دەڵێت:”هیچ شتێکمان بەدەستەوە نەماوە، تەنیا ئەوە نەبێت بێین و فاتیحا لەسەر مەرگی تەماتەکانمان بخوێنین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح