دواهەمین شەوی وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا

لەم ماوەیەدا 350 هەزار کەس قەرزەکانیان داوەتەوە

964+

ئەحمەد محەمەد

بەپێی قەرارەکەی حکومەت ئەمشەو دواهەمین شەوی دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبایە، فەرمانگەکانی کارەبای تا 10ی شەو دەوام دەکەن و خەڵکیش دەتوانێ بە ئۆنلاین تا 12ی شەو کارەبا بدات.

مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەتا رۆژی 10ی ئەیلول داشکاندن بۆ قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکی بکات، ئەمشەو ئەو دەرفەتە تەواو دەبێت.

بۆ ماڵان و پرۆژە کشتوکاڵییەکان لێخۆشبوونەکە تا 50% دەبێ، بۆ پرۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان و فەرمانگەکانی حکومەت لێخۆشبوونەکە 25% دەبێ.

سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ی وت ”ئەمشەو تا 10ی شەو فەرمانبەرەکانمان دەمێننەوە خەڵک دەتوانن قەرز بدەنەوە، لەسەر ئی پسووڵەش هەتا 12ی شەو قەرز دەدرێتەوە”.

ئەم چەند رۆژە بەدەمەوەچوون بۆ دانەوەی قەرز زۆر بووە، لە سلێمانی 350 هەزار هاوبەش چوون قەرزەکەیان داوەتەوە،سیروان محەمەد دەڵێ ”داوا لە حکومەت دەکەم دەرفەتێکی تر بداتە خەڵک و ماوەکە درێژ بکاتەوە، بەڵکو خەڵکێکی زیاتر بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوەو سودمەند بن لە داشکاندنەکە”.