"نەشتەرگەرییەکە زانستی بووە و کەموکوڕی بەدینەکراوە"

دۆسیەی ئەو کچەی دوای نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا رەوانەی دادگا کراوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دۆسیەی ئەو کچەی دوای نەشتەرگەری لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا، رەوانەی دادگا کراوە و بەڕێوەبەری پشكنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیان، نەشتەرگەرییەکە بەشێوەی زانستی کراوە و هیچ کەموڕییەک بەدینەکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6.9.2026 د. رەسول عەبدولخالق بە پەیامنێری 964ـی وت، “هەر لە سەرەتای رووداوەکەدا بەدواداچوونمان بۆ ئەو کەیسە کرد و نەخۆشخانەکەمان داخست، لە ئێستادا کەیسەکە رەوانەی دادگا کراوە و دادگاش بڕیار لەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەکە دەدات”.

“ئەمڕۆ خانەوادەی کۆچکردوو سەردانیان کردین و بەفەرمی سکاڵایان تۆمار کرد”، د. رەسول وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی تا ئێستا کردوویانە، نەشتەرگەرییەکە بەشێوەی زانستی ئەنجام دراوە و هەست ناکەن لەو بوارەدا کەموکوڕی هەبێ، بەڵام لیژنەیەکیان پێکهێنراوە و ئەوان بابەتەکە یەکلایی دەکەنەوە.

بەقسەی د. رەسول عەبدولخالق سەندیکای پزیشکانیش دەچێتە سەرخەت و چاودێری کەیسەکە دەکات، لە کۆتاییدا لایەنی کەمتەرخەم سزا دەدەن.

هەر سەبارەت بەو کەیسە 964 قسەی لەگەڵ تەحسین یاسین باوكی کچە کۆچکردووەکە کرد، ئەو وتی، “سكالاكەمان بردووەتە دادگا، چاوەرێی وەڵامی ئەوانین و هەموو بەڵگەكانمان رادەستی دادگا كردووە “.

هەفتەی رابردوو کچێکی تەمەن 21 ساڵ دوای نەشتەرگەری لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا، رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و نەخۆشخانەکە داخرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری