"هەڵمەتەکە بۆ شوێنەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت"

نووسینگەکانی کۆڕەک لە کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین داخران

شۆڕش قادری

نووسینگەکانی کۆڕەک لە کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین داخران.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەغدا، لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم گیراونەتەبەر، کۆمسیۆنەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سەردانێکی مەیدانیان بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا نووسینگە و ناوەندەکانی کۆمپانیاکە لەو سێ پارێزگایە داخراون.

ئاماژە بەوەشکراوە کۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێکارە دیاریکراوەکان و بڕیارە رێکخراوەییەکان بۆ شوێن و ناوەندەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

کێشەی نێوان كۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کێشەیەکی درێژخایەنە کە لەسەر مەرجەکانی گرێبەست، قەرزی دارایی و کێشەی کارگێڕی سەریهەڵدا و مانگی رابردوو گەیشتە قۆناغێکی توند بە بڕیاری راگرتنی تەواوەتی کارەکانی کۆمپانیاکە و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

کێشەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و حکومەتی عێراق لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەسوڕێتەوە کە بریتین لە؛ قەرزە کەڵەکەبوەکانی کۆمپانیاکە کە بەهۆی پابەند نەبون بە مەرجەکانی مزایەدەی ساڵی 2007 و سزا داراییەکان گەیشتونەتە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار، لەگەڵ کێشەی “ئەستۆپاکی باج” کە تێیدا بەغدا رەتیدەکاتەوە دانیپێدابنێت بەو پێیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە نەک حکومەتی فیدراڵی.