ئەشیاکانیان نابەنە ژوورەوە و پەردەکانیان لێ ناکەنەوە

بەشێک لە کاسبکارانی ناو بازاڕی لەنگە لە هەولێر سزا دەدرێن

شۆڕش قادری

کاسبکارانی ناو بازاڕی لەنگە لە هەولێری پایتەخت ئەشیاکانیان نابەنە ژوورەوە و هەندێکیان سزا دەدرێن.

درەنگانی شەوی رابردوو تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی چوار لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، چوونە ناو بازاڕی لەنگە و ژمارەیەک سەرپێچیان تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە دوکانداران شتەکانیان نەبردووەتە ژوورەوە و پردەیان لە پێش دوکانەکانیان هەڵواسیوە.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند وێنەیەکی ئەو هەڵمەتەی داناوە و نووسیویەتی، ئەو کارە تەنیا و تەنیا بۆ پاراستنی سەر و ماڵی کاسبکاران و فرۆشیارانی بازاڕەکەیە.

پێشتر چەند جارێک شارەوانی هەولێر رێنمایی و هۆشداری داوەتە دوکاندار و کاسبکارانی لەنگە لەوەی کە ئەگەر شەوان ئەشیاکانیان نەبەنە ژوورەوە و پەردەکانیان لێ نەکەنەوە سزا دەدرێن.