“دەڵێن نەخۆشییەکەی سەریهەڵداوەتەوە”

خانمە هونەرمەند نەرمین کاوانی نیگەرانە و دەڵێ، بەناوی ئەوەوە قسەدەکرێ

‏964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

هونەرمەند نەرمین کاوانی چووەتە نەخۆشخانەی هیوا و ستۆرییەکی لە سۆشیال میدیایەکەی بڵاوکردووەتەوە، هەوادارەکانی نیگەران بوون.

بەڵام، ئەو لەوە نیگەرانە کە قسەبەناوی ئەوەوە کراوە و پێیان وتووە، نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە، کاوانی پێشتر توشبوونی شێرپەنجە بووە، ئێستا چارەسەر وەردەگرێ و خۆی دەڵێت، تەندروستیم باشە،

ئەو بە 964ی وت، وای لێهاتووە ئازادییەکانمان نەماوە، ئێمەش زۆرجار حەزدەکەین سۆشیال میدیا بەکاربهێنین، کە چوومە نەخۆشخانەی هیوا بێتاقەت بووم ئەو ستۆرییەم بڵاوکردەوە، ئێستاش داوا دەکەم، خەڵک نزا بکەن تووشی شێرپەنجە نەبن و رێگەیان نەکەوێتە نەخۆشخانەی هیوا.

نەرمین کاوانی هونەرمەندێکی دیاری بواری شانۆ و درامای کوردییە لە سلێمانی، ناوی تەواوی نەرمین ئەحمەد کاوانییە و ساڵی 1976 لە سلێمانی لەدایکبووە.

دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شانۆیە، دەستپێکی کاری هونەرییەکەی بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە.

ئەو لە یەکەم کارە شانۆییەکانی بەشداری کردووە لە شانۆی «ئەنتیکۆنا» و یەکەم درامای «کاتێک خەم گوڵ دەگرێت» بووە.
لە چەندین دراما و شانۆدا ڕۆڵی گێڕاوە، لەوانە گەردەلول، دووپشک، ئارەزوو، کەرکووک 4 و ژیلەمۆ، لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵدا خزمەتی بواری هونەری کردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا