گفتوگۆکانی ئێران و عومان هۆکارە

لە دوێنێوە نرخی نەوت لە دابەزینە ئەمڕۆش 2% ی لێبووەوە

ژووری هەواڵ

ئومێدی کردنەوەی گەرووی هورمز نرخی نەوتی دابەزاند، ئەویش دوای ئەوەی کە هەردوو لایەنی ئێرانی و عومانی گفتوگۆکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی رێڕەوە ستراتیژییەکەی هورمز بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 2% دابەزی، بە جۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1.78 دۆلار یان 2.0% دابەزی و گەیشتە 86.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 1.49 دۆلار یان 1.8% دابەزی و بە 80.87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە هەردوو جۆرەکەی نەوت زیاتر لە 3%ی نرخەکەیان لەدەستدابوو.

بەقسەی شرۆڤەکارانی ئابووری، ناڕوونی لە دۆخی داهاتووی گەرووی هورمز وایکردووە هەندێک لە بازرگانان بە نرخی نزم دەست بە کڕین بکەنەوە، ئەمەش رێگری لە دابەزینی زیاتر کردووە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە وڵاتەکەیان لەگەڵ عومان دەستی بە گفتوگۆ کردووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی گەرووەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەژێر گوشارێکی زۆردایە.

ئێران و عومان چەند هەفتەیەکە لە گفتوگۆدان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوقۆ لەو رێڕۆ ئاوییەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتدا، یەک لەسەر پێنجی باری نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.