چەند فەرمانبەر نەخوێندەوارن؟

لە وەزارەتی کارەباوە عێراق نەخوێندەواری فەرمانبەرانی کۆتایی پێدەهێنێ

ئەحمەد مستەفا

پەروەردەی عێراق پڕۆگرامێکی تایبەتی بۆ فێرکردن و نەهێشتنی نەخوێندەواری لەنێو وەزارەتی کارەبا دەستپێکرد، کە نزیکەی 20 هەزار فەرمانبەر و کارمەندی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەگرێتەوە.

وەک وەزارەتەکە دەڵێ، زۆربەیان لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەی گرێبەست دامەزراون.

لە قۆناغی یەکەمدا تاوەکو پۆلی چواری بنەڕەتی دەخوێنن و دواتر لە پۆلەکانی پێنج و شەش دەچنە قۆناخی فێرکردنی خێرا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی شەشی بنەڕەتی.

هەیسەم مونزر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای جێبەجێکردن بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق جێبەجێ دەکرێت و 19 هەزار و 939 فەرمانبەر سوودی لێ دەبینن.

ئەو دەڵێ، بەهۆی پرسی گرێبەستەکانی ساڵانی دواییەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس بە ناونیشانی “پیشەوەر” دامەزراون کە زۆربەیان گەنجانێک بوون بەهۆی جەنگ و دۆخی نالەباری وڵاتەوە دەرفەتی خوێندنیان بۆ نەڕەخسابوو.