"هەڕەشەی لە حکومەت کردبوو"
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان ئازادکرا
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
نووسینگەی ئەنجومەنی پارێزگای میسان رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسانی ئازادکرد.
نووسینگەی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەڵێت، “دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی، دەسەڵاتی دادوەری عێراق بڕیاریداوە مستەفا دەعیر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان ئازادبکات بەهۆی ئەوەی پابەند بووە بە پرۆسە یاساییەکانەوە.”
دوێنی دووشەممە بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسینگەی سەرۆکوەزیران سکاڵای یاسایی لەسەر مستەفا دەعیر تۆمارکرد بەتۆمەتی یاخیبوون لە دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە حکومەتی عێراقی.
لەدوای سکاڵاکەی نووسینگەی عەلی زەیدی، دادگای سێی کەرخ /بەغداد بە تۆمەتی یاخیبوون و هەڕەشەی داخستنی رێگا سەرەکییەکانی میسان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دەعیر دەرکرد.
رۆژی یەکشەممە مستەفا دەعیر ماوەی سێ رۆژ مۆڵەتی دا بە حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی شەیب لەگەڵ ئێران و وتی: تا پێنجشەممە دەروازەکە نەکەنەوە پارێزگای میسان لە تەواوی عێراق دادەبڕین بە داخستنی سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی پارێزگاکە.