وتەبێژی بەرگری شارستانی: زۆربەیان مەترسیان دروستکردووە
هؤشداری دەدرێتە کۆگاکانی هەولێر کە مەترسی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە؛ “750 کۆگان”
فەرهاد حەسەن
بەرگری شارستانی هەولێر، لە رێگەی تیمەکانیانوە دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ ناو کۆگاکان کردووە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە رێنماییەکانی سەلاماتیان، بەڵام وتەبێژەکەیان دەڵێت، زۆرینەیان ئەو مەترسییەیان بۆخۆیان دروستکردووە.
هەڵمەتەکە دوێنێ دەستیپێکردووە، لیژنەیەک لە بەرپرسی هۆبەکانی بەڕێوەبردنی جۆری و راگەیاندن و ئەفسەری بنکەی شۆرش و 10 پشکێنەر سەردانی کۆگاکانی هەولێریان لە پشت فامیلی مۆڵ کرد.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964 ی راگەیاند، لەکۆی 750 کۆگا پشکنینیان بۆ 165 کۆگا کردووە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی کاگاکان پشکنینیان بۆ دەکرێت.
وتیشی “زۆرینەی کۆگاکان بەهۆی زێدەڕۆیی کردنیان بۆ سەر شۆستەکان مەترسی ئاگرکەوتنەوەیان دروستکردووە چونکە ئەو زێدەرۆییە وادەکات کە لە حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە زووتر و زیاتر پەرەبستێنێت”.
خاوەن کۆگاکان ئاگادار کراونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی بن و لەرێگەی تیمەکانی شارەوانیشەوە تەواوی ئەو زێەڕۆییانەیان پێ لادەبردرێت.