"هاوشێوەی عەجاج جاش و مستەشارەکان دادگایی بکرێن"

کەسوکاری ئەنفالکراوان داوایان لە سەرۆک کۆمار کرد مافە یاساییەکانیان جێبەجێ بکرێت

فەرهاد حەسەن

کەسوکاری ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی ئەنفال چوونە لای سەرۆک کۆماری عێراق و داوایان کرد مافە یاساییەکانیان جێبەجێ بکرێت، کە هێنانەوەی رووفات و قەرەبووکردنەوە  دوو لە داواکارییەکانیانن.

بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی ئاسۆی زیندانیانی ئەنفال، ئەوان لە روانگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە قوربانیانی رژێمی پێشوو، ئەم یاداشت و داواکارییەیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کردووە و داواشیان لێکردووە بەپێی پێگە و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی مافە یاسایی و مرۆییەکانیان.

لە یاداشتەکەدا ئەم چەند داواکارییە ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کراون:

​1-  خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان بۆ نیشتمان (کە ماوەی دوو ساڵە لە بەغدان)، بەپێی یاسای گۆڕەبەکۆمەڵەکان تاوەکو ئەم رووفاتانە نەگەڕێندرێنەوە، گۆڕی تازه هەڵنادرێتەوە.

​2-  جێبەجێکردنی موچە و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسیی (نوگرەسەلمان، دبس، تۆپزاوە، و مەرکەز شەبابەکەی دووز) بەپێی یاسا بەرقەرارەکان.

​3-  قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی شایستە و دانیپێدانراو بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی ئەو تاوانە گەورەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕالییەوە، هاوشێوەی دوجێل و کوێت.

​4-  هاوشێوەی 16ی ئایار (کە رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکانە) و 16ی ئازار (رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە)، رۆژی 14ی نیسانیش وەک رۆژی ئەنفال لە سەرانسەری عێراقدا بناسرێت.

​5-  بەردەوامیدان بە وەرگرتنی نموونەی خوێن لە سەرجەم کەسوکار و وارسی ئەنفالکراوان، بە مەبەستی دروستکردنی بنکەی زانیاریی جینیاتی و ناسینەوەی رووفاتەکان.

​6-  دامەزراندنی کچ و کوڕانی دایک و باوک ئەنفالکراو کە خوێندنیان تەواو کردووە و ژمارەیەکی کەمیان ماوەتەوە.

​7-  سزادانی بەپەلەی تۆمەتباران: پەلەکردن لە سزادانی تاوانبار (عەجاج).

​8-  پشتگوێنەخستنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی فیدڕاڵ و گرتنەبەری رێکاری یاسایی (هاوشێوەی کەیسی عەجاج) بۆ سەرجەم ئەو جاش و مستەشارانەی دەستیان لە تاوانی ئەنفالدا هەبووە و ئێستا لە ژیاندا ماون.

​9-  دانانی سندوقێکی هاوکاری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی.

​10- دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە تاقانەکانی ئەنفال، بۆ ئەوەی لە هیچ ماف و ئیمتیازاتێک کە بۆ کەسوکاری ئەنفال دەردەچێت بێبەش نەبن.

​11-  زیادکردنی بابەتەکانی جێنۆساید و تاوانی ئەنفال بۆ پڕۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناغەکان لە سەرانسەری عێراقدا.

​12-  بە مۆزەخانەکردنی گرتووخانەکانی (نوگرەسەلمان، تۆپزاوە، دبس، و مەرکەز شەبابەکەی دووز).