"ئاماژەی مەترسیدار" باڵی بەسەر ناوچەی سەوزدا کێشاوە
بۆ پاراستنی ژیانی زەیدی کەرەستەی ئەمریکی چووەتە ناو کۆشکی حکومەتەوە
فەرهاد حەسەن
لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە کێبڕکێیەکی تونددایە لەگەڵ کات بۆ جێبەجێکردنی وادەی 30ی ئەیلوول کە رۆژی کۆتاییهێنانە بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، ماڵپەڕی “حوڕە”ی ئەمریکی کۆمەڵێک زانیاری و ئاماژەی “مەترسیداری بێسنوور”ی بڵاوکردەوە کە چواردەوری ژیان و سەلامەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان داوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بابەتەکە تەنیا ململانێی سیاسی نییە، بەڵکو زەیدی پەیامی هەڕەشەی راستەوخۆی لەلایەن “گروپە چەکدارەکانەوە” پێگەیشتووە، هاوکات دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و وڵاتانی بیانی، شانبەشانی باڵیۆزانی رۆژئاوا و عەرەب، هۆشدارییان داوە لە هەبوونی ئەگەری پلانێک بۆ تیرۆرکردن یاخود بەئامانجگرتنی سەرۆکوەزیران.
بەهۆی ئەو هەڕەشە و بارە نائاساییەی کە لە ناوچەی سەوز دروستبووە، وایکردووە دامەزراوە ئەمنییەکان کۆمەڵێک رێکاری توند و بەپەلە بگرنە بەر، لەوانەش بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی لە ناو کایەی ئەمنیی ناوچەی سەوز، گۆڕانکاری لە پۆستە هەستیارەکان؛ لەوانە دیاریکردنی فەرماندەیەکی نوێ بۆ فیرقەی تایبەت (ئەو هێزەی بەرپرسیارێتی تەواوی پاراستنی ناوچەی سەوز و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لەئەستۆیە).
زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە ئاماژە بەوەدەکەن کە زەیدی لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ واشنتۆن، کەرەستە و پێداویستی پێشکەوتووی پاراستنی کەسیی وەرگرتووە، گفتوگۆش کراوە لەسەر ئەگەری هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەتمەند بۆ راهێنان و مۆدێرنکردنی تیمی پاراستنی سەرۆک وەزیران.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە زەیدی بە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” راگەیاندووە کە پاشەکشە لە بڕیاری کۆکردنەوەی چەک ناکات، تەنانەت ئەگەر ئەوە ژیانیشی بخاتە مەترسییەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، دەزگای دژەتیرۆر زنجیرەیەک هەڵمەتی پشکنینی بۆ سەر بارەگاکانی ئەو گروپە چەکدارانە دەستپێکردووە.
عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نوری مالیکی، چەند سەرەداوێکی لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی زەیدی لەگەڵ لیژنەی ئەمن و بەرگری پەرلەمان ئاشکرا کردووە، بە وتەی ئەو، زەیدی زۆر راشکاو بووە و وتوویەتی “هەست دەکەم لە هەڵمەتی داماڵینی چەکی گروپەکاندا بە تەنیا جێهێڵدراوم.”
بە پەرلەمانتارانیشی وتووە “هەندێک گروپ هەن دەیانەوێت چەکی دەوڵەتیان رادەست بکەم؛ ئایا ئێوە ئەمە قبوڵ دەکەن؟ رۆژێک دێت هەموو راستییەکان بۆ گەل ئاشکرا دەکەم.”