برایەکى بەڕێوەبەرەکە وردەکارییەکەى بۆ 964 ئاشکرا دەکات:

کارمەندەکە چووەتە ژورى بەڕێوبەرى بانکى سەیدسادق و چەقۆیەکى لێداوە

964+
بڕوا مەجید- سەید سادق

لە ژوورەکەى خۆى، بەڕێوەبەرى بانکى سەیدسادق لەلایەن کارمەندێکى بانکەکەوە چەقۆیەکى لێدرا، برایەکى بەڕێوەبەرەکەش وردەکاریى رووداوەکە بۆ 964 ئاشکرا دەکات.
بەرات ئەحمەد، براى بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەرى بانکى سەیدسادق، چیرۆکى بریندارکردنى براکەى لەلایەن کارمەندێکى بانکەکەوە بەم شێوەیە بۆ 964 گێرایەوە،”ئەو کارمەندە بە موخالەفەیەکەوە گیراوە و ئیشێکى موخالەفەى کردووە لەناو بانکەکە، ئینجا کاک بەڵێن چێکى دەکات و دواى کە پێى زانراوە ئەو کارمەندە هەڵچووە و چەقۆیەیى وەشاندووە”.
بە وتەى بەرات ئەحمەد، براکەى وتویەتى ،”لێپێچینەوەى یاسایى لەگەڵ دەکەم”، لە کاردانەوەى ئەوە کارمەندەکە چووەتە ژوورى بەڕێوەبەر و بەبەرچاوى دوو کەسەوە چەقۆیەکى لە دەستى داوە و بەر دەمارى دەستى کەوتوو.
لەبارەى ئەو سەرپێچییەى کارمەندە کردوویەتى چییە؟، بەرات ئەحمەد وتى،”ئەو کارمەندە واژۆیەکى نایاسایى لەسەر چەکێک کردووە، بەڕێوەبەریش وتوویەتى کێ ئەو واژۆیەى کردووە و چۆن چەکێکى 12 ملیۆنى بەم شێوەیە بڕوات، ئیتر کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە”.
روونیشى کردەوە، براکەى بەهیچ شێوەیەک دەستى نەکردووەتەوە و هەر ئەوکاتەش تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح