"تائێستا تەرمەکەی لەنەخۆشخانە ماوەتەوە"
بێکەسی لە بەغدا کۆتایی بە ژیانی هاوڵاتیەکی 70 ساڵەی خەڵکی رانیە هێنا
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
هاوڵاتیەکی کوردی تەمەن 70 ساڵ خەڵکی شاری رانیە ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی عەلەوی ناوچەی دۆرێینی شاری بەغدا دوای تێکچونی دۆخی تەندروستی و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی بەهۆی نەبونی کەسوکار و بەجێهێشتنی لەبەردەرگا گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتیەکە ناوی “ئازاد عەبدوڵا عەلی”ـە، ماوەی چەند ساڵێک بوو بە تەنیا لە خانویەکدا لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوو کە نزیکە لە نەخۆشخانەوە.
یاسر مەدحەت، یەکێک لە دراوسێکانی کۆچکردوو کە خۆی گەیاندویەتیە نەخۆشخانە بە964ـی وت،” چەند رۆژێک بوو دۆخی تەندروستی مام ئازاد باش نەبوو، دوێنێ باری تەندروستی بە تەواوی تێکچوو، بۆیە من خۆم بردمە نەخۆشخانەی کەرامە و دوای چارەسەری سەرەتای کارمەندانی نەخۆشخانە پێیان وتین بڕۆنەوە بیشۆن و پاکی بکەنەوە و پاشان بیهێننەوە بۆ چاودێری زیاتر.
وتیشی، کاتێک هێنامەوە لەبەر ئەوەی هیچ کەسوکارێکی نەبوو و کەس نەبوو ئاگای لێ بێت، لەبەر دەرگای ماڵەکەی خۆی لەسەر عەرەبانەکەی دامنا و نەمتوانی زیاتر لەو ئاستە هاوکاری بکەم، چونکە کاروباری زۆرم لەئەستۆ بوو، دوای کاتژمێر هەشتی شەو لەسەر هەمان عەرەبانە گیانی لەدەستدا و کەس نەبوو بەهانایەوە بچێت.
رەعد ئەلیاس، شۆفێری ئەو ئەمبوڵانسەی کە تەرمەکەی گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری بە964ـی راگەیاند، کاتێک ئاگادار کراینەوە و چووینە شوێنی رووداوەکە، هاوڵاتیەکە گیانی لەدەستدابوو و تەرمەکەی لە دەرگای ماڵەکەی خۆیدا بوو و کەس نەبوو خۆی بکاتە خاوەنی.
وتیشی، لەئێستادا تەرمی ئەم هاوڵاتییە کوردە لە پزیشکی داد ماوەتەوە و تائێستا هیچ کەسێک لە خێزانەکەی سەردانی نەکردوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.
پێداچوونەوە : پەری ساڵح