بۆ قوماشى ژنان
بازاڕ بازاڕى “حۆری حۆری” و “ماڤی ماڤی”یە.
رازاو محەمەد- سلێمانى
لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان، مۆدێل و ناوی قوماشەکانیش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێن، بۆ ئەمساڵیش قوماشی “قەیفە” گەڕاوەتەوە نێو بازاڕەکان و بە ناوی جیاواز و سەرنجڕاکێشەوە دەفرۆشرێت.
فەرهاد محەمەد ئەمین، کە فرۆشیارێکی قوماش و کوتاڵە لە شاری سلێمانی، بە 964ـی راگەیاند، قوماشی قەیفە بووەتە مۆدێلی ئەمساڵ و خواستێکی زۆری لەسەرە، دیارترین ئەو جۆرانەش کە ئێستا باون بریتین لە قوماشی “حۆری حۆری” و “ماڤی ماڤی”.
سەبارەت بەم ناوانە و هۆکاری بڵاوبوونەوەیان، ئەو قوماشفرۆشە ئاشکرای دەکات کە ناوەکان لەلایەن خودی بازرگانەکانەوە دادەنرێن و دەڵێت: “ئەم ناوانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر جووڵەی بازاڕ و راکێشانی سەرنجی کڕیار هەیە، بۆیە زۆرجار بازرگانەکان تەنیا بە مەبەستی ریکلام و بەبازاڕکردن ئەم ناوانە بۆ قوماشەکان هەڵدەبژێرن”.
لە بارەی نرخەکانیشەوە، فەرهاد محەمەد ئەمین دەڵێت، نرخی دوو مەتر لەو قوماشانە لە 15 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی تێچووی گواستنەوە و گەیاندن تا دەگاتە دەستی فرۆشیارانی تاک، نرخەکەی کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح