دانیشتووی گوندێکی سۆرانە

حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا

ئەحمەد مستەفا

حاڵەتێکی تووشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری دهۆک تۆمارکرا، کە پیاوێکی گەنجی تەمەن 23 ساڵە، وە خۆی دانیشتووی گوندی بازێ-یە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی بەرکەوتەی ئاژەڵ تووشبووە.

دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆک و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی تا ئێستا جێگیرە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.8.2026 دەڵێ، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.

تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنیا سێ حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە.