دڵخۆشی دایکە شەهیدێک بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە

“باش بوومایە حەیوانێکم دەکرد بەخێر بۆ پێشمەرگەکان”

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

هاوڵاتیانی کوردستان بەڕادەیەک دڵخۆشن بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، دەڵێن، هەر وەسف ناکرێت.

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەراسیمی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

لەسەر ئەو بابەتە پەیامنێری 964 لە هەڵەبجە چووەتە ماڵی دایکە شەهیدێک، نەسرەت مەحمود دەڵێت، “پیاوم پێشمەرگە بووە، کوڕم پێشمەرگەیە و کوڕێکیشم شەهیدە، لەخوا بەزیادبێ کە هێزی پێشمەرگە بوونەوە بەیەک”.

“ئەوەندە دڵخۆشم هەر نەبێتەوە، ئەگەر باش بوومایە حەیوانێکم دەکرد بەخێر”، دایە نەسرەت وادەڵێت.

ئەو دایکە جەرگ سووتاوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکان دەکات و هیوای دڵخۆشی  و سەرفرازی بۆ گەلی کورد دەخوازێت.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح