وەزارەتى نەوتى عێراق:

لە کەرکوک رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوتمان دەوێت

وریا فەتاح

وەزارەتى نەوتى عێراق ئامانج و نیازى خۆى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە کەرکوک راگەیاند و دەڵێت: رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوتمان دەوێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (8.8.2026) ئامانجەکانی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوکی لەگەڵ کۆمپانیای (BP)ـی بەریتانی راگەیاند، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبایە.

سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو گرێبەستەی لە مانگی ئەیلولی 2025ـەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، گۆڕانکاریی گەورە لە کەرتی وزەی کەرکوکدا دەکات.

ئامانجە سەرەکییەکانی گرێبەستەکە بۆ کەرکوک ئەمانەن:

یەکەم: بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە 320 هەزار بەرمیلی ئێستاوە، بۆ 420 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەرهەمهێنانی غاز لە 255 ملیۆن پێی سێجای ئێستاوە، دەگەیەنرێتە 400 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.

دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات.

نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکوور و پەرەپێدانی توانای کارمەندانی هەردوو کۆمپانیای نەوت و غازی باکوور.

رەخساندنی هەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆیی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت جەختی لەوەش کردەوە، یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە، وەستاندنی سووتانی غازی کێڵگەکانە بەشێوەیەکی بەردەوام، بۆ ئەوەی لەمەودوا ئەو غازە کۆبکرێتەوە و بکرێتە سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.