کەمەندی بۆ کچەکەی: کە مردم رۆحم لە دەورت دەسوڕێ
دیلان محەمەد – سلێمانی
چنور باوکت بۆ زوڵفت لول و پەشێوە، ئەمە ئەو گۆرانیەی هونەرمەندی کۆچکردوو عەباسی کەمەندیە بۆ چنوری کچی و بەرلە مەرگیشی پێی وت؛ دەردەکانت بێ باوکت.
هەرچەندە ساڵانێکە عەباسی کەمەندی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام دەنگ و سەدای ئەو هونەرمەندە مەزنە هێشتا لەناو هەوادارانیدا وەک خۆی ماوەتەوە، چنوریش کە کچی ئەوە و هێشتا بە یادی باوکی دەژی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی؛ باوکم پێی دەوتم دوای مەرگیشم رۆحم وەک پەپولە لە دەورت دەسوڕێ، هەرچەند چەند جارێ ویستی گوێی لە دەنگم بێ و گۆرانی بۆ بخوێنم بەڵام نەمخوێند و بووە شەڕمان.
گفتوگۆی نێوان پەیامنێر و چنور قوڵتر دەبێتەوە و دەربارەی باوکی دەڵێت، هەمیشە دەیوت کە مردم کات بۆ خەو ئیسراحەت زۆرە، بۆیە زۆر گرنگی بە کات دەدا، 50 ساڵی تەمەنی بە کتێب خوێندنەوە بەسەربرد، وەلێ ویستی لەگەڵ گروپێکی یۆنانی کارێکی نوێ بکات بەرلە مردنی، بەڵام نەیتوانی و مەرگ هەر زوو خەونەکەی لێبرد.
چنور ئێستا هاوشێوەی باوکی وێنەکێشێکی بەتوانایە و دەڵێت؛ مەرج نیە هەمووان گۆرانی بڵێم و من ئەم بەهرەیەم لە باوک و باپیرمەوە بۆ ماوەتەوە
پێداچوونەوە: پەری ساڵح