گەشتوگوزار بانگەوازی بۆ وەبەرهێنەران کردووە

لە ئیدارەی راپەڕین بۆ یەکەمجار قسە لەسەر دروستکردنی هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی دەکرێت

فەرهاد حەسەن

لە ئیدارەی راپەڕین بۆ یەکەمجار بانگەواز بۆ دروستکردنی هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش گەشتوگوزار داوا لە وەبەرهێنەران دەکات بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بێن بۆ جێبەجێکردنی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان، سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە و ئەنجومەنی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ یەکەمجار سێ پارچە زەوی ستراتیژی لە ناو نەخشەی بنەڕەتی شاری رانیە دەخاتە بەردەستی وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییە گەورەکان.

پڕۆژەکان لە کەرتی وەبەرهێنان دەبن و بریتیین لە ، هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، هۆتێلی چوار ئەستێرەیی لەگەڵ شاری یاریی ئاوی (Aquapark) ، مۆتێل و رێستۆرانتی سێ ئەستێرەیی گەشتیاری.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی سەرەوە، گەشتوگوزار بەڵێن بە وەبەرهێنەران دەدات، کە  کارئاسانی تەواو لە هەموو پرۆسە ئیداری و یاساییەکانیان بۆ دەکات.  هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، پشتگیری تەواو لە هەموو قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە و دابینکردنی ژینگەیەکی شەفاف و ئارام و دڵنیا بۆ سەرمایەگوزاریان بۆ دابین دەکات.

هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی ئاگادار کراونەتەوە کە ئارەزووی وەبەرهێنانیان لە بواری گەشتوگوزاردا هەیە، داواکاری و پڕۆپۆزەڵی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتە پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین بکەن، بۆ هەڵسەنگاندن و دەستپێکردنی رێکارە یاساییەکان.