سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد ناوچەی کەرخ _ وێنە: راگەیاندنی دادگای کەرخ
هەموویان فەڕەنسین
زیندانیی هەتاهەتایی بۆ 6 ئەندامی داعش دەرچوو
ئەحمەد مستەفا
دادگای تاوانەکانی کەرخ، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر 6 ئەندامی رێکخراوی چەکداریی داعش سەپاند، کە هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسین.
بەپێی راگەیاندراوی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، ئەم سزایە لەسەر بنەمای تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی چەکداریی داعش دەرچووە.
دادگاییکردنەکە بە ئامادەبوونی پارێزەرانی تۆمەتباران و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق ئەنجامدراوە.
بە سەپاندنی ئەم 6 سزایە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانی فەرەنسییەی لەم دۆسیەیەدا لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتووەتە 16 کەس.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەم کەسانە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەرگیراونەتەوە.
سزاکان بە پشتبەستن بە ماددەی 4 و ماددەی 2، بڕگەکانی 1 و 3، لە یاسای دژە تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005، هەروەها ماددەی 132، بڕگەی 1، لە یاسای سزادان دەرچوون.