عێراق قاچاخچییەکانی نەوت راودەنێت

کوردستان جەلال

وەزیری ناوخۆی عێراق، دەڵێت، لە سەرتاسەری وڵاتدا قاچاخچییەکانی نەوت راودەنرێن.

یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، “هەر بەرمیلێک نەوت بە پێچەوانەی ئەوەی لە بودجەدا دیاریکراوە بچێتە دەرەوە، بە قاچاخ دادەنرێت”.

دەشڵێت، “قاچاخچییەکانی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا راودەنێین”.

ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی عێراق لە کاتێکدایە، کە پرسی کۆنترۆڵکردنی داهاتە نەوتییەکان و ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و پاراستنی سامانی گشتی.

بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت سەرجەم پرۆسەکانی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە ئەنجام بدرێن و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لە ماوەی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بەتایبەت پۆلیسی وزە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەندین هەڵمەتی فراوانیان لە پارێزگا جیاوازەکاندا بۆ دەستگیرکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت و داخستنی کێڵگە و بۆرییە نایاساییەکان ئەنجام داوە، کە بەهۆیەوە دەیان تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر نەوت و تانکەردا گیراوە.