بۆ ئارد

کۆمپانیایەک لە دهۆک 50 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەردەگرێ

ئەحمەد مستەفا

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پارێزگاری دهۆک ئەوەی راگەیاند، کۆمپانیایەک لە سنووری قەزای سێمێل دەست بە وەرگرتنی 50 هەزار تۆنی تر لە گەنمی جوتیارانی دهۆک دەکات، ئەوەش بۆ بەرهەمهێنانی ئارد.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، قایمقامی سێـمێل و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆك، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی دەڤەرەکە، سەردانی کارگەی دەستار-یان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.7.2026، عەلی تەتەر بە کەناڵەکانی راگەیاندنی وت، ئەمساڵ کارگەکە توانای وەرگرتنی نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی هەیە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کەرتی تایبەت دەبێتە بارسووکی بۆ حکومەت و جوتیاران، هاوکات هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

بە گوێرەی داتای کشتوکاڵی دهۆک، لە کۆی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی دهۆک، تەنیا %13ـی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە وەردەگیراوە، لە کۆی 700 هەزار تۆن بەرهەم، حکومەتی عێراق تەنیا 115 هەزار تۆن گەنمی دهۆکی وەرگرتووە.

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ (2026) لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە 18تەممووزی 2026کۆتایی هات. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، لە کۆی ئەو 400هەزار تۆنەی کە حکومەتی فیدراڵی بەغدا بۆ هەرێمی دیاریکردبوو، بڕی 387 هەزار و 378 تۆن گەنم لە سایلۆکان وەرگیرا.