بڕەکەی 60 ملیۆن دینارە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق ساڵی داهاتوو قەرزی نیشتەجێبوون رادەگەیەنێت
کاکەلاو عەبدوڵا
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو قەرزی نیشتەجێبوون رادەگەیەنن کە بڕەکەی 60 ملیۆن دینارە و ماوەی دانەوەی 15 ساڵە بەبێ هیچ زیادەیەک.
ئیستەبرەق سەباح، وتەبێژی وەزارەتەکە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، وەزارەتەکەیان پلانی هەیە لە مانگی کانونی دووەمی 2027 قۆناغێکی دیکەی قەرزی نیشتەجێبوون رابگەیەنن.
وتەبێژی وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، لە مانگی ئابی ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داواکاری هاوڵاتییانی بۆ وەرگرتنی قەرز لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە وەرگرتووە و داواکاری 10 هەزار کەس قبوڵکراون.
ئیستەبرەق سەباح ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ هەر قەرزێک کە پێشکەشی هاوڵاتیانیان کردووە بڕەکەی 60 ملیۆن دینار بووە کە بە 15 ساڵ دەتوانن بیدەنەوە بەبێ هیچ زیادەیەک، تەنیا هەندێک باجی ئیداری نەبێت کە 2%ـی بەهای قەرزەکە تێناپەڕێنێت، بۆ ساڵی داهاتووش رێکارەکان هەر بەو شێوەیە دەبن.