نزیک 92 دۆلارە

نرخی نەوت داڕما

شۆڕش قادری

دوای بەرزبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی نرخی نەوت، چەند رۆژێکە سەربەرەو خوار بووەتەوە و ئەمڕۆ زیاتر دابەزی، هەر بەرمیلێک لە دەورووبەری 92 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 27.7.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 92.09 دۆلار دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو بەڕێژەی 4.85٪ دابەزیوە.

هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساس بە 84 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 5.06٪ دابەزیوە.

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە کە دوو شەوە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شارەکانی باشووری ئێران راوەستاوە و هەر گۆڕانکارییەک لەو دۆخەدا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دروست دەکات.